گەنجێکی کوردی دانیشتوی شارەزوور لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوسەرگیری لەگەڵ سێ کچی
میسریو مەغریبیو یەمەنیدا دەكات و لە دوانیان جیادەبێتەوەو هاوسەرێی کوردیشی هەیە و خاوەنی سێ منداڵە
عەلی عارف ئەحمەد، دانیشتووی قەزای سەیدسادقەو ساڵی 1976 لە دایكبووە، ساڵی 1997 لەگەڵ هاوسەرە كوردەكەی پرۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوەو خاوەنی سێ منداڵن، کە پیشەی دوكاندارەو هەم وەستایەو لە ساڵانی ڕابردووشدا یەكێك لە گۆڵپارێزە بەناوبانگەكانی هەڵەبجەو شارەزوور بووەو یاری بۆ یانەكانی ( ئاشتی، سیروان، سەیدسادق، پیشەسازی، كردووە).
عەلی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بەتایبەت فەیسبووك، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی میسریو كچێكی مەغریبیو كچێكی یەمەنیدا دەكاتو ئەوان لەو سێ وڵاتە عەرەبییەوە دێنێتە ناوجەرگەی شارەزوور.
لەناو خەڵكی شارو هاوڕێكانیدا، عەلی بە كەسێكی هێمن ناسراوەو ئەم هاوسەرگیرییانەی بووەتە جێگەی باسو خواس.
ئەوەی لە هاوسەگیرییەكانیدا لەگەڵ ئەو سێ كچە میسریو مەغریبیو یەمەنییەدا یاریدەی عەلی داوە، ئەوەیە كە ئەو عەرەبییەكی زۆرباش دەزانێت.
عەلی دەڵێت:" لەڕێگەی فەیسبووكەوەو بە ڕێكەوت ئەوانم ناسیوەو دواتر پەویەندیو هەم خۆشەویستی درووستبووەو بڕیارمانداوە هاوسەرگیری لەگەڵ یەكتریدا بكەین".
نەسرین، خەڵكی شاری ئەسكەندەرییەی وڵاتی میسرەو بەكالۆریۆسی لە دەروونناسیدا هەیە، ساڵی 2013 عەلی عارف لە ڕێگەی فەیسبووكەوە ئەو دەناسێتو پەیوەندیی لە نێوانیاندا دروستدەبێتو دواتر بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن.
وەكو عەلی بۆ دیبلۆماتیكی باسدەكات، لەگەڵ نەسرین دا دوو ساڵ پەیوەندییان هەبووەو ئاڵوگۆڕی پرۆسەی هاوسەرگیرییان كردووەو بەهۆی دوورییان لەیەكەوەو كێشەی سەفەرو هاتووچۆوە دوای دوو ساڵ توانیویانە زەواج بكەنو نەسرین گەشتووەتە لای عەلی بۆ شارەزوور.
سەرباری ئەوەی پرۆسەی هاوسەگیری نێوان عەلیو نەسرین بە زەحمەت گەشتووەتە ئاكام، بەڵام ئەوان تەنها پێنج مانگ پێكەوە دەبنو دواتر لەیەك جیا دەبنەوەو نەسرین لە ناوجەرگەی شارەزوورەوە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی میسر.
ماوەیەكی كەم بەسەر جیابوونەوەی لەگەڵ كچە میسرییەكەدا تێدەپەڕێت، لە كۆتایی ساڵی 206دا، فەیسبووك عەلی دەگەیەنێتە وڵاتی مەغریبو لەگەڵ " دنیا"دا بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن.
بە هەمانجۆری هاوسەرگیرییەكەی لەگەڵ كچە میسرییەكەدا، لە پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم كچە مەغریبییەشدا دووریو ڕێگەنەدان بەسەفەركردنی هەر لایەكیان بۆلای ئەوی دیكەیان دەبنە كێشەی گەورەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری نێوان عەلیو دنیا.
وەكو عەلی خۆی باسیدەكات چیرۆكی گەشتنی دنیا بەعەلیو بە كوردستان دوورو درێژو پڕ لە ناڕەحەتو لەمپەرە، بەڵام دواجار ڕێگەی گەشتنیان بەیەكدی بەو جۆرە دەبێت كە " دنیا" بەناوی گەشتكردنەوە سەردانی توركیا دەكاتو عەلی لە كوردستانەوە دەچێتە توركیاو دواتر بە فیزەی كوردستانەوە دەگەڕێنەوەو " دنیا" لە وڵاتی مەغریبەوە دەگاتە شارەزوور.
چارەنووسی هاوسەگیرییەكەی نێوان عەلیو دنیا، هەمان چارەونووسی هاوسەرگیرییەكەی نێوان عەلیو كچە میسیرییەكە دەبێتو وەكو عەلی خۆی دەڵێت، دوای شەش مانگ بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ یەكدیدا لە یەكتر جیا دەبنەوەو دنیاش دەگەڕێتەوە بۆ مەغریب.
جیابوونەوەی لە دنیا زۆر ناخایەنێت، كە فەیسبووك عەلی دەگەیەنێتە یەمەنو لەگەڵ " مەروا" كە كچێكی یەمەنییە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن.
عەلی خۆی دەیگێڕێتەوە كە لەسەرەتاوە باوكو براو كەسو كاری ئەم كچە یەمەنییە زۆر ناڕازیبوونو وتوویانە هەرگیز ڕێگە بە كچەكەیان نادەن كە بەو جۆرە زەواج بكاتو لە یەمەن دوور بكەوێتەوە.
بە وتەی عەلی لە هاوسەرگیری لەگەڵ مەروا داو تا گەشتنی مەروا بۆ كوردستان زۆر زەحمەتی كێشاوەو دواتر بەهۆی یارمەتی خاڵۆی مەرواوە كە جێگری وەزیری ناوخۆی یەمەنە، توانراوە مەروا لەڕێگەی ئەردەنەوە بگەیەنرێتە كوردستان بۆ لای عەلی.
مەروای هاوسەرە یەمەنییەكەی عەلی دكتۆرەیەو ئەوان ئێستا نزیكەی دوو ساڵە پێكەوەن، عەلی دەڵێت ئەم هاوسەرە یەمەنییەم زۆرچاكەو پێكەوە زۆر ئاسوودەینو قەرەبووی ناڕەحەتی دوانەكەیتریشی بۆ كردوومەتەوە.
عەلی عارف هاوكات لەگەڵ هاوسەرە كوردەكەیشیدا ژیان دەكاتو جگە لە چیرۆكی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم سێ كچە میسریو مەغریبیو یەمەنییەدا، بە وتەی خۆی هەر لەماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردووداو لە ڕێگەی فەیسبووكەوە هەوڵی هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی سوری خەڵكی دیمەشقو كچێكی تونسیو سوودانییەكیشدا داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە.