هاتوچۆی‌ هەولێر پەیامێكی‌ بەپەلە‌ ئاراستەی‌ شۆفێران دەكات

بەگوێرەی پێشبینیەكانی بەڕیچوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم سبەی چوارشەممە شەپۆلێكی بەفربارین ڕوو لە هەرێم دەكات و لەو بارەیەوە هاتوچۆی‌ هەولێر پەیامێكی‌ بەپەلە‌ ئاراستەی‌ شۆفێران دەكات.

لەو پەیامەی هاتوچۆی‌ پارێزگای‌ هەولێردا هاتووە "شۆفێرانی بەڕێز ئاگاداردەكەینەوە، كەوا خۆیان و ئۆتۆمبێلەكانیان بۆ ئەو كەشە ئامادەبكەن و پابەندی یاساو ڕێنماییەكانی‌ هاتوچۆبن".

هۆشداریشیداوە، "بەهۆی كەمبونەوەی ئاستی‌ بینین، سەرچاوەی مەترسیەكان زوو نابینرین، بۆیە واچاكترە جگە لەتیژڕەوینەكردن، شۆفێران ئاستی تەركیزیان بەرزبێت و خۆیان خەریك نەكەن بەهیچ شتێكی دیكەوە جگە لەشۆفێریكردنیان".

هاتوچۆ هەروەها ڕایگەیاندووە "لەكاتی دروستبونی شەختەو بەستەڵەك، دەبێت خێراییەكان لەنێوان 30 تاكو 50 كیلۆمەتربێت لەكاتژمێرێكدا بۆئەوەی ئەگەر توشی مەترسیەك بون، توشی برێككردنی لەناكاو نەبنەوە، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی خلیسكان".

هاتوچۆ داوا لەشۆفێران دەكات، لەحالەتی پێویست نەبێت سەفەری ناوچە شاخاویەكان نەكرێت تائەوكاتەی‌ كەشەكە ئاسایی دەبێتەوە، دەڵێت "مانەوە لەناوچەی شاخاوی و داخرانی ڕێگەكان، مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەكات".



AM:11:28:08/01/2019