پۆمپیۆ بۆ بەرهەم ساڵح: عێراق هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمەریکایە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق جەختی کردەوە "ئەمریكا عێراق بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی دەزانێت لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی".

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارعێراق ئەمرۆ چوار شەممە ٩ی کانوونی دووەم لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازی کرد له‌ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە و په‌یوه‌ندی نێوان عیراق و ئه‌مریکا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.

بەرهەم ساڵح له‌ میانه‌ی ئه‌و پێشوازیه‌دا که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماده‌ی بوو تەئكیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویستی به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌یشتنێکی تازه‌ هه‌یه‌ لە نێوان تەواوی پێكهاتەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و نه‌هێشتنی بارگرژیی و چه‌سپاندنی دۆخێکی ئارام که‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بێت به‌گشتی.

سە‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی عیراق و ئەمەریکا، به‌رهه‌م ساڵح ئاماژەی به‌ گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كرد له‌ نێوان هەردوو وڵات، هاوکات پەرەپێدان و پێشخستنیشی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌ پێویست زانی به‌ تایبه‌ت بەشداریكردنی ئەمریكا لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابووری و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی وڵات و باشترکردنی توانای سه‌ربازی.

سه‌رۆک کۆماری عێراق بەبایەخەوە باسی لەو پشتیوانییە كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رووی سیاسی و ئەمنیەوە لە عێراقی کردووە، بەتایبەت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و سەركەوتن بەسەر گروپی تیرۆرستی داعشدا. 

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سوربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ هێشتنەوە و به‌هێزکردنی پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ عێراق لەهه‌موو ئاستەكاندا، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی وڵاته‌که‌شی بۆ بەگژاچونەوەی داعش و مه‌ترسی تیرۆرستان به‌ گشتی لە عێراق و تەواوی ناوچەكە دووپاتکرده‌وه‌. 

پۆمپیۆ روونیشكردەوە ئەمریكا عێراق بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی دەزانێت لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی، سه‌باره‌ت به‌ بواری ئابووری و بازرگانیش وەزیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئاماده‌ی وڵاته‌که‌ی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنان و پرۆسەی بنیادنانەوەی عێراق و بەتایبەتیش شارە تازه‌ ئازاد كراوەكان.



PM:07:52:09/01/2019