ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بەکشانەوە کرد

ئەمریکا دەستیکرد بە کشانەوەى چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانى لە ڕۆژئاوای کوردستان و تا ئێستاش وادەى کشانەوەى سەربازەکانى نادیارە.

بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە کشانەوەى چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە سوریا، بەڵام تا ئێستا روون نییە کەى دەستدەکەن بە کشانەوەى هێزەکانیان لەو وڵاتە کە ژمارەیان نزیکەى دوو هەزار سەربازە.

هاوکات ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەیان تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی دیکەى لە سەربازگەى ڕومێلان لە حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کشاندووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی وتووە، لەبەر هۆکارى ئەمنى لە ئێستادا زانیارى زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوناکەنەوە.

هاوکات کەناڵى سی ئێن ئێن لەزارى بەرپرسێکى ئیدارەى ئەمریکاوە گواستییەوە، دەستکردن بە پڕۆسەى کشانەوەى چەک و کەرەستە سەبازییەکان سەرەتاى پرۆسەى کشانەوەیانە لە سوریا.



PM:01:28:11/01/2019