وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند ئەمڕۆ حاڵەتێکی ئەنفلوەنزای H1N1 کە بەهەڵە ناسێندراوە بە ئەنفلەنزای بەراز ،لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و لەژێر چاودێری تەندروستی دایە و خۆبەختانە بارودۆخی تەندروستی جێگیر و باشە.
وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاند "بۆ زانیاری هاوڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ،بەپێویستی دەزانین جەخت لەوڕاستیە بکەینەوە کە ئەنفلوەنزای H1N1 ئێستا بەشێکە لە ئەنفلوەنزای وەرزی ، کە پەتایەکی ساڵانەی چاوەڕوانکراوە لە هەموو ووڵاتانی جیهان بەشێوەی وەرزی ڕوودەدات . لە ڕووی مەترسی و ترسناکی جیاوازە لەو پەتایەی ئەنفلوەنزای بەراز H1N1 کە لەساڵی ۲۰۰۹ ڕوویدا و جیهانی گرتەوە ، ئەوکات کوتانی دژی ڤایرۆسەکە نەبوو ، وە ڤایرۆسەکە نوێ بوو و خەڵک هیچ بەرگریەکیان نەبوو دژی ڤایرۆسەکە . بەڵام ئێستا کووتانی دژی ڤایرۆسەکە هەیە و هەموو کەسێک بەتایبەی ئەوانەی مەترسیان لێ دەکرێت وەک کەسانی بەتەمەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و نەخۆشانی دڵ و سینگ و ئەوانەی بەرگری لەشیان کەمە دەتوانن کوتانی ئەنفلوەنزا وربگرن بۆ خۆپارێزی."
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە "هەروها رۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکان بەسووکی دەبێت و پێویستە نەخۆشەکان لە ماڵەوە پشوو بدەن و شلەمەنی زیاەر بخۆنەوە و نەچنە شوێنی قەڕەباڵغ."
وەزارەتی تەندروستی لە بارەی خۆپارستنەوە دەڵێت
بۆ خۆپارێزی هاووڵاتیان ، پێویستە زوو زوو دەستمان بە ئاو و سابوون بشۆین
لەکاتی کۆکە و پژمین دەم و لووتمان بە کلێنیکس یان دەستەسڕ داپۆشین
هەروها نەچین بۆ شوێنی قەڕاباڵغ و داخراو
لەکاتی توشبوون بە نەخۆشیەکە پشوو بدەین و شلەمەنی زیاتر بخۆینەوە
بەڵام ئەو هاوڵاتیانەی خوارەوە ئەگەر توشبوون ،پێویستە زوو سەردانی پزیشک بکەن :-
۱. کەسانی بەتەمەن یان منداڵی خوار پێنج ساڵ .
۲. ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و سینگیان هەیە
۳. ئەوانەی نەخۆشی کەمی بەرگری لەشیان هەیە
٤. ژنانی دوو گیان