جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە، پڕۆژەى بودجەى ئەمساڵ پەسەند بکرێت و وتیشی "زۆربەى داواکارییەکانى کورد لە پڕۆژەى بودجەدا جێگەى کراوەتەوە و موچەى فەرمانبەران و پارەى پێشمەرگە جێگیرکراوە".
بەشیر حەداد، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە "ئێن ئاڕ تى" ڕاگەیاندووە، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە پەسەندکردنى پرۆژەى بودجە دوانەخرێت، تا کاروبارەکانى حکومەت پەکى نەکەوێت و بودجە بۆ پرۆژەکان تەرخان بکرێت.
جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق وتیشى، هەوڵەکانى پەرلەمان و لیژنەى دارایی لەو بارەیەوە بەردەوامە و هیچ وادەیەک بۆ پەسەندکردنى پڕۆژەى بودجە دانەنراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە پەسەند بکرێت.
بەشیر حەداد ئاماژەى بەوەشکرد، زۆربەى داواکارییەکانى کورد لە پڕۆژەى بودجەدا جێگەى کراوەتەوە و موچەى فەرمانبەران و پارەى پێشمەرگە جێگیرکراوە، هەروەها هەڵەبجە وەک پارێزگا مامەڵەى لەگەڵدا کراوە.
هەفتەى رابردوو پەرلەمانى عێراق کۆتایی هێنا بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەى بودجە و لە ئێستادا پرۆژەکە لەلایەن لیژنەى داراییەوە گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، پاش گۆڕانکاریکردن لەبەشێک لە بەندەکانى دەخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ پەسەندکردنى.