لە مانگی داهاتوودا پاشەکەوتی مووچە نامێنێت

بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژە یاسایی بوودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، ئەگەر بڕگەی ( ج)ی مادەی ١٠ پرۆژە یاسای ٢٠١٩ بودجەی عێراق وەک پێشنیار کراوە پەسەند بکرێت، ئەوا لە مانگی داهاتوودا پاشەکەوتی مووچەی هەڵدەگیرێت لە هەرێمی کوردستان. 

بەپێی زانیارییەکانی سپئی، حكومەتی هەرێم تەنها پێویستی بە (150) ملیار دیناری دیكە هەیە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە، بۆیە ئەگەر بڕگەی (ج) لەماددەی (10) ی پڕۆژە یاسای بودجەی (2019) ی عێراق وەكو خۆی پەسەند بكرێت و بڕی (317) ملیار دینارەكە بۆ (454) ملیار دینارو (68) ملیار دیناریش بۆ هێزی پێشمەرگە پەسەند بكرێت، ئەوە راستەوخۆ پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵدەوەشێتەوە.

جێگیركردنی ئەو بڕگەیە لەسەر داوای لێژنەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم بوو، كە ماوەیەك پێش ئێستا سەردانی بەغدایان كردو لەگەڵ وەزیری دارایی كۆبوونەوە.

بەپێچەوانەوە ئەگەر پەسەند نەکرێت ئەوا دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی هەوڵی دابینکردنی ئەو ١٥٠ ملیۆنە دابین بکات.

هاوکات مەترسی ئەوە هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو بڕگەیە پەسەند نەكرێت بەو بیانووەكەی كە ناكرێت حكومەتی هەرێم نەوت و داهات رادەست نەكات، بەڵام مانگانە زیاتر لە (500) ملیار دیناری بۆ رەوانە بكرێت.



PM:08:37:18/01/2019