ئەمەریکیەکان فڕۆکەخانەیەک لە خورماتوو بە حەشدی شەعبی چۆڵ دەکەن

هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق فشار دەخەنە سەر هێزە عێراقیەکان و لەپیش هەمووشیانەوە حەشدی شەعبی و چەندین ناوچەیان پێ چۆڵ دەکەن، لە دوا هەنگاودا "فڕۆکەخانەی سدیق" لە خورماتوو بە حەشدی شەعبی چۆڵ دەکەن.

سەرچاوەیەکی بەرپرسی کورد لە شاری خورماتوو بە سپی راگەیاند" ئەمەریکا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و شوێن پێی خۆی لەو ناوچانە قائیم بکاتەوە، دوای ئەوەی گەڕایەوە سەربازگەی "کەی وەن" لەکەرکوک، ماوەیەکە فشاری خستۆتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی تا" فڕۆکەخانەی سدیقی" ستراتیژی لە ناوچەی خورماتوو بەو هێزانە چۆڵ بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانە، بەپێی رێککەوتنێک بڕیار بووە ١٥ ی کانوونی دووەم هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەو فڕۆکەخانەیە رادەستی هێزەکانی ئەمەریکا بکات، بەلآم چەند رۆژێک دواکەوت، بەرامبەر ئەمەش دوو رۆژە ئەمەریکیەکان بۆ هەڵکەندنی پێی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی جەنگی لە ئاستێکی نزم بەسەر ئەو فڕۆکەخانەیەدا دەفڕێت.

سەرچاوەکەی سپی ئاشکرایکرد کە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە کشاندنەوە کردووە لەو فرۆکەخانەو چەند یەکەیەکی کەمیان لە دەوری فڕۆکەخانەکە ماوە.

فڕۆکەخانەی سدیق کە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقە، شوێنێکی ستراتیژیە، کە هێزەکانی ئەمەرکا سوودی لیدەبین بۆ تێکشکاندنی یەکە سەربازییەکانی داعش و فشارخستنە سەر ئێنران لە ئایندەدا.  



PM:12:53:22/01/2019