لەسەر دۆخی کەرکوک لیژنەیەکی هاوبەشی یەکێتی و پارتی سەردانی بەغدا دەکەن

بڕیارە بەم نزیکانە لیژنە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی کەلەسەر پرسی کەرکوک پێکهێنراوە سەردانی بەغداد بکات و گفتوگۆ لەبارەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو پارێزگایەوە بکەن.

دیاری حسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەكەركوك ڕایگەیاند،" بڕیارە لیژنە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك بەهاوبەشی سەردانی بەغدا بكەن و پرسی چوونە دەرەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەكان و گەڕانەوەی پارێزگار تاوتوێ بکەن".

وتیشی،" داواکاری لیژنەکە بۆ ئەوەیە، تا لەو ڕێگەیەوە دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوەو ئەو ئاوارانەشی بەهۆی ڕوداوەكانی ساڵی 2017ەوە شارەكەیان جێهێشتووە، بگەڕێنەوە كەركوك".

بەرپرسەکەی پارتی لەبارەی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک وتی، تا ئێستا د. نەجمەدین كەریم دەستی لەپۆستەكەی نەكێشاوەتەوەو لەئەنجومەنی پارێزگاشەوە متمانەی لێوەرنەگیراوەتەوە، بەڵام بە یەكێك لەو دوو خاڵەش دەتوانرێت پارێزگارێكی تر دابنرێت، هاوکات پشتیوانی حزبەكەی بۆ گەڕانەوەی نەجمەدین كەریم بۆ پۆستەكەی دەربڕی و وتی" دوور نییە كە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی". 


PM:05:26:22/01/2019