دەروازەیەکی سنوری لەنێوان ھەرێم و ئێران دەکرێتەوە

دەروازەی سنوری سەیرانبەن لەنێوان ھەرێم و ئێران دەستیان پێكردوەو بڕیارە دوای چارەسەركردنی كێشەكان ھاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەدەروازەكەوە دەستپێبكات.

زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەمەبەستی کردنەوەی دەروازەی سنوری سەیرانبەن وەفدێكی پارێزگای سلێمانی سەردانی ئێرانی كردووەو لەگەڵ جێگری پارێزگای سنە كۆبۆتەوەو رێگرییەكانی بەردەم كردنەوەی دەروازە سنورییەكەیان تاوتوێكردووە.

وتیشی، وەفدەکەی سلێمانی داوای کردووە، کە ھاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەو دەروازەیە دەستپێبكات و كارئاسانی بۆ خەڵكی ھەردولا بكرێت.

زانا رەحمان ئاماژەی بەوەشکردووە،لە کۆبونەوەدا ھەردولا جەختیان كردۆتەوە، کە بەزوترین كات رێگرییەكان نەھێڵن، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی ١٥ رۆژ دیاریكراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

قائیمقامی پێجوێن ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەرپرسانی ئێران ئامادەیی خۆیان بۆ کردنەوەی دەروازەی سسنوری سەیرانبەن دەربڕیوەو، لە ئێستاشدا كێشەی مۆری دەروازەكە ھەیە كە لە پاسپۆرتی گەشتیاران دەدرێت، كە مۆرێك بێت بەناوی سەیرانبەن یاخود مۆرێكی ھاوبەش بێت بەناوی "باشماخ – سەیرانبەن".


PM:07:04:22/01/2019