ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی گۆڕان و پارتی

میدیای فەرمی گۆڕان ڕایگەیاند  پارتی پێشوازی لە پڕۆژەى گۆڕان دەکات وەک بنەما بۆ کارنامەى حکومەت، هاوکات داواکاری یەکێتیش بۆ کۆبونەوەى سێ قۆڵیى دەگەیەنێتە گۆڕان.

ماڵپەڕی سبەی سەر بە میدیایی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویکردووەتەوە "پارتی پێشوازیی گەرمی لە پڕۆژەى گۆڕان کردوە بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى ریشەیى، رەزامەندیشیان نیشانداوە کە روانگەی گۆڕان لەبەرچاو دەگرن لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتدا بۆ چاکسازیکردن لە شێوازی حوکمڕانی و رەنگدانەوەى لە کایەى ئیداریی و سیاسیی و یاساییدا"


هەر بە گوێرەی هەواڵی ئەو میدیایە "پڕۆژەى گۆڕان کە شاندى دانوستانکار کردویەتییە بنەماى دانوستانەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت، پڕۆژەیەکى گشتگیرى هەمەلایەنەیە و سود لە پاکێجەکانى پێشوى بزوتنەوەکە و روانگەى نەوشیروان مستەفا وەرگیراوە بۆ بەدامەزراوەکردنى حکومەت لەپێناو چاکسازى ریشەیى لە هەیکەلیەت و سێکتەرەکانى حکومەت و باشکردنى بژێوى خەڵکى کوردستان و پەیڕەوکردنى شەفافیەت و زیادکردنى روبەرى ئازادییەکان و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى. "

هەروەها ئاشکراشی کردووە 
پارتی داواکاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی گەیاندوەتە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) بە ئامانجى کۆکردنەوەى هەڵوێستى هەرسێ لایەن بۆ داڕشتنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت.



PM:07:59:22/01/2019