عێراق...نرخی کارتی کۆمپانیایەکی تەلەفۆن دادەبەزێنرێت

حکوومەتی عێراق نرخی کارتی کۆمپانیایەکی تەلەفۆن دادەبەزێنێت، بۆ ئەوەی رکابەریی کۆمپانیاکانی دیکە بکات.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، نەعیم روبەیعی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەو وڵاتە رەزامەندیی لەسەر دابەزاندنی نرخی کارتەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی تەلەفۆنی بێ تەل دەربڕیوە.

هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، لەمەودوای نرخی کارتێکی 10 هەزار دیناری، دەبێتە هەشت هەزار و کارتێکی 15 هەزار دیناریش دەبێتە 10 هەزار دینار و کارتێکی 25 هەزار دیناریش دەبێتە 15 هەزار دینار.

نەعیم روبەیعی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو دابەزاندنەی کارتی کۆمپانیای نیشتمانیی تەلەفۆنی بێ تەل بۆ رکابەریکردنی کۆمپانیاکانی گەیاندنی دیکەیە.

کۆمپانیای نیشتمانیی تەلەفۆنی بێ تەل لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات و یەکێکە لە کۆمپانیاکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراقی.


AM:09:27:23/01/2019