عادل عەبدولمەهدی لەبارەی پەسەندکردنی بودجەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی هاوکاری حکومەت و پەرلەمان  بۆ پەسندکردنی یاسای بودجەی 2019ی عێراق و رایگەیاند، لە زوترین كاتدا رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی دەردەكەین.

ئەمڕۆ رۆژی پێنجشەممە 24ی کانونی دووەم عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "پێشوازی و ستایشی هاوکاری و کاری جدی و بەردەوامی نێوان حکومەت و پەرلەمانی دەکات، کە هاوکاربوون بۆ پەسندکردنی بودجەی گشتی ساڵی 2019".

وتیشی "پیرۆزبایی لە گەلەکەمان و تەواو لایەنەکان دەکەم، کە کاریان بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە کردووە لە دۆخێکی سەختدا لە قۆناخی رادەستکردنی نێوان دوو سەردەمی دەسەڵاتی یاساداناندا، کە ئەگەر هەوڵە گەورەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کاری پەرلەمانتاران و بەتایبەتی لیژنەی دارایی نەبووایە، بەدەستنەدەهات". 

لە بەیاننامەکەدا عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشکردووە ، حکومەت تاوتوێی هەموارکردن و زیادکردنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ یاسای بودجە، لە زووترین کاتیشدا رێنمایی پێویست دەردەکات بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجە. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی بەیاننامەیدا دەلێت "هەر لە ئێستاوە حکومەت بە کردەیی دەستی بە دانانی بنەماکان کردووە، بۆ ئەوەی بودجەی ساڵی 2020 بودجە پرۆژە و ئەدا بێت".




PM:01:21:24/01/2019