بەرهەم ساڵح هەڵوێستی لەسەر پەسەندکردنی بودجە ڕاگەیاند

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە گرنگە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و ئاوەدانی عێراق و پێویستی هاوڵاتیان دابین دەکات.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە گرنگە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و ئاوەدانی عێراق، و کۆمەڵێ پێویستی هاوڵاتیان دابین دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێم، بە تایبەتیش موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە کۆتایی هێنانە بە نەهامەتی پاشەکەوتی موچە و بەهیوای گێڕانەوەی پاشەکەوتکراوی ڕابردوشیان".

شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای 2019ی عێراقی پەسەندکرد و تێیدا ماددەی 10ی بڕگەی (ج) پەسەندکرا، کە تایبەتە بە ناردنى موچەى فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هێزى پێشمەرگەی کوردستان.

بەپێی ماددەکە، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتیش لە رێگەی بەغداوە هەناردە نەکات، ئەوا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەنێردرێت.


PM:03:00:24/01/2019