مەلایەک ژنان بە فرەژنی ڕازی دەکات

مەلایەک لە مزگەوتەکەیدا کار بۆ ئەوە دەکات کە فرەژنی زیاد بێت و سوپاسی خواش دەکات کە توانیویەتی چەند ژنێک بە فرە ژنی ڕازی بکات.

مەلا عومەر دارەتوویی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شیفا لە ناحیەی دارەتووی سەر بە شاری هەولێر، باسی هۆكاری كۆكردنەوەی ئەو ئافرەتانە لە مزگەوتەكەیدا دەكات و دەڵێت: "بەرنامەكە بۆ دژایەتی هیچ رێكخراو و مەلایەك نەبووە، خۆم ئافرەتەكانم بانگێشتكردبوو بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆمان بكەین. زۆرجار رێكخراوەكانی ئافرەتان ئەوەندە فرەژنییان زەقكردووەتەوە، ناكۆكی كەوتووەتە نێو ئەو خێزانانەی كە پیاوەكە دوو ژن و سێ ژنی هەبووە. ئەوان نابێ‌ هەقیان بەسەر ئەو ژنانەوە هەبێ‌ كە رازین ژنیان بەسەر بێ‌". 

مەلا عومەر ڕاشیگەیاند بە بانگهێشتی خۆی ئەو ژنانەی لەنێو هۆڵی مزگەوتەكە كۆكردووەتەوە. بەڵام بەپێی رێنمایی وەزارەتی ئەوقاف نابێت مزگەوت بۆ هیچ چالاكییەك و كۆبوونەوەیەك بەكاربێت، مەلا عومەر دەڵێ: "ئێمە هیچ رێنماییەكی وەزارەتی ئەوقافمان بۆ نەهاتووە كە نابێت كۆبوونەوە لەناو مزگەوت بكرێت، دواتریش ئێمە لە هۆڵی بۆنەكان كۆببووینەوە كە بۆ هەموو بۆنەكان بەكاردێت، پابەندیش دەبین بە بڕیارەكانی ئەوقاف".

ئەو مەلایە ڕاشیگەیاندووە "هەر مەلا و كەسێك بڵێ فرەژنی شەرعی نییە، لایداوە لە دین. ئەوانە من و 25 هەزار كەس لە هەولێر بریندار دەكەن كە دوو ژن و سێ ژن و چوار ژنیان هەیە".

لە بەرامبەردا یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەنیازە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكات. ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بە (رووداو)ی  وتووە "ئەگەر ئامانجی ئەو مەلایە ناوزڕاندن بێت، سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین، چونكە ئەو بۆی نییە قسە لەسەر رێكخراوەكانی ئافرەتان بكات و تۆمەتبارمان بكات بەوەی كە هیچمان نەكردووە، ئێمە بە بەڵگە وەڵامی دەدەینەوە، داتامان هەیە كە لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا نزیكەی 2257 كەیسی كۆمەڵایەتی لەلای یەكێتی ئافرەتان چارەسەر كراون". 

ڤیان سلێمان داوا لە وەزارەتی ئەوقاف دەكات رێگە بەوە نەدات مەلاكان مزگەوت بۆ ناوزڕاندنی رێكخراوەكانی ژنان بەكاربێنن و دەڵێت "پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی لەم شێوەیە دەچێتە خانەی پێشێلكردنی یاساكانی وەزارەتی رۆشنبیری و پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات، هەروەها ئەگەر مامۆستایەكی ئایینی یان رێكخراوێك سكاڵا لەسەر ئەو مەلایە لەلای ئێمە تۆمار بكەن، لەڕێگەی لیژنەیەكی شەرعییەوە بەدواداچوونی بۆ دەكەین".

مەلا عومەر كە تەمەنی نزیكەی 40 ساڵێك دەبێت، 7 ساڵە پێشنوێژ و وتارخوێنە، ئێستا 3 ژنی هەیە و 8 منداڵیشی هەیە، لەنێو بەرنامەكەیدا لە یەكێك لە ژنەكان دەپرسێ‌: پیاوەكەت چەند ژنی هێناوە؟ ئەویش دەڵێت: سێ‌. دەپرسێ‌: رازیت ژنێكی دیكەش بهێنێ‌؟ ژنەكە دەڵێت :بەڵێ‌ رازیم. دواتر مەلا عومەر بە پێكەنینەوە روو لە كامێرا دەكات و دەڵێت :"ئەوە یەكێكە لە هاوژینەكانم"


AM:09:53:25/01/2019