فراکسیۆنی نەوەی نوێ راگەیەندراوێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ بڵاوکردەوە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەکیان لەبارەی روداوی خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ بڵاوکردەوە، کەتیایدا ژمارەیەک هاوڵاتی لەلایەن سوپای تورکیاوە شەهید وبرینداربوون،
 
لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە پەرلەمانی عیراق داوا لە حکومەتی ناوەند دەکات، کە سنورەکانی هەرێم بپارێزن و، هەروەها گیانی هاولاتیانی هەرێمیش بپارێزن.

دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ:

"خۆپیشاندەران لە ژێر هەرەشەی چەکدارانی مەسعوددان"

ئەمڕۆ دانیشتوانی بێتاوانی دێرەلووك بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر  بۆردومانە بەردەوامەکانی دەڤەری بادینان، خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەیان رێکخست،  بەڵام خۆپیشاندانەکە توندوتیژی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا ھاوڵاتیەك شەھید کرا و چەندانیش بریندار بون.

 جێگەی داخە، لە کاتێکدا دانیشتوانی بێ تاوانی دێرەلوکی دەڤەری بادینان خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان رێکخستوە، ئێستا خۆپیشاندەرەکان لە ژێر ھەڕەشە و لێپێچینەوەی چەکدارەکانی مەسعوددان.

 ئێمە بەکارھێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی دێرەلووك و ھەڕەشە کردن لە خۆپیشاندەران ئیدانە دەکەین و ئەرکی ھێزەکانی ئاساییشە ئارامی و ئاساییشی ھاوڵاتیان بپارێزێت نەك ھەرەشەیان لێبکات.

هەروەها داوا لە حکوموتی ناوەند دەکەین کە سنورەکانی هەرێم بپارێزن و گیانی هاولاتیانی هەرێمیش بپارێزن، چونکە جوت بنەماڵەی حومڕان لە هەرێمی کوردستان ھیچ بایەخێك بۆ ژیان و شکۆی ھاوڵاتیانی ھەرێم دانانێن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان لە پەنابردن بۆ توندوتیژی و پەلاماری ھاوڵاتیان مەدەنی ناسڵەمنەوە.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداد - ٢٠١٩/١/٢٦


AM:12:12:27/01/2019