پۆلیسی سلێمانی فێڵبازێک دەستگیردەکات

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە یەکێک لەو تۆمەتبارانە ٤٠٠ دەفتەر دۆلاری بەفێڵ لەھاوڵاتیان وەرگرتوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، شەوی ڕابردوو ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی چوارچرای سەر بەبەشی پۆلیسی ڕۆژئاوای ناوشار، ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لەسنوری گەڕەکی چوارچرا دەستپێکرد.

ئەوەش ڕونکراوەتەوە، لەو ھەڵمەتەدا پۆلیس توانیی دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەبوەو لەلایەن دادگاوە داواکراوبون.

ھەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو ھەڵمەتەدا توانرا دەستبگیرێت بەسەر (چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف، ٣٩٠ فیشەکی کڵاشینکۆف، ١٩ فیشەکی دەمانچە، ٧ مەغزەنی کڵاشینکۆف و ١ تاقم مەخزەن".

ناسنامەی تۆمەتبارەکانیش ئاشکراکراوەو ئاماژە بەوەکراوە، "یەکێک لەتۆمەتبارەکان بەناوی (ا، ع، م) کە چوار فەرمانی گرتنی ھەبوەو نزیکەی ٤٠٠ دەفتەر دۆلاری ھاوڵاتیانی بەفێڵ وەرگرتوەو بۆی نەگەڕاندونەتەوە".

ئەوەش بڵاوکراوەتەوە، بەگوێرەی مادەی (٤٥٦و ٤٥٣) لەیاسای سزادانی عیراقی و بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە، تۆمەتباری دوەمیش ناوی (ک، ک، ف)ەو بەگوێرەی مادەی ٤١٢ لەیاسای سزادانی عیراقی و بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوەو پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە.


AM:10:24:29/01/2019