فراکسیۆنی پارتی داوای کشانەوەی پەکەکە دەکات

پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە هێزەكانی پەكەكە دەكات كە لە هەرێمی كوردستان بكشێنەوە مەترسی دروست نەکەن بۆ ئارامی وڵاتانی هاوسۆزی هەرێم.

ئەمڕۆ لە دهۆك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا داوایان لە پەكەكە كرد كە لە هەرێمی كوردستان بكشێنەوە.

فراكسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنەكەوە خوێندرایەوە، دەڵێت: "تۆپبارانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە بە بیانووی بوونی پەكەكەوە ئەنجام دەدرێن، بۆیە داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" دەكەین كە خۆیان لە سنووری هەرێمی كوردستان دووربخەنەوە و خەڵكی ئێمە لەو نەهامەتی و قوربانیدانە رزگار بكەن".

راشیگەیاند كە بوونی پەكەكە كاریگەری نەرێنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە و بەهۆی ئەوانەوە سەدان گوند بە ئاوەدانەنەكراوی ماونەتەوە.

فراكسیۆنی پارتی جەختیشیكردەوە كە چیتر نایانەوێت "خاكی كوردستان و عێراق ببنە مایەی مەترسی و تێكدانی ئارامی وڵاتانی هاوسۆزمان".


AM:11:05:29/01/2019