زیانلێكه‌وتووانى تیرۆر لە هەرێم و عێراق قەرەبوو دەکرێنەوە

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بڵاویکردەوە، کە دەزگای شەهیدانی عێراق سەرقاڵی پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراواندا، کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا هاتووە، مەحمود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدانی و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی قوربانیانی تیرۆر لە دەزگای شەهیدانی حکومەتی فیدراڵ کۆبووەتەوە، بە مەبەستی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆئەوەی وابەستەی فەرمانگەی قەرەبوو بکرێت لە حکومەتی عێراق.

 ئەوەش هاتووە، تاریق مەندەلاوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی قوربانیانی تیرۆر لە دەزگای شەهیدانی حکومەتی فیدراڵی و ڕایگەیاندووە،"دەیانەوێ لە ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکبھێنن وابەستەی فەرمانگەی قەرەبوو بێت لە دەزگای شەھیدانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە ٢٠، بۆ قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندانی تیرۆر و ھەڵە سەربازییەکان، ھەروەک میکانیزمی کاری ئەو لیژنەیەی ڕوونکردەوە، ئەو بڕە قەرەبووەشی خستەڕوو کە یاساکە دیاریی کردووە."

هەر لە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئامادەیی وەزارەتی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکارییەک، کە پێویستبێت بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی قوربانیانی تیرۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕیارە سبەینێ ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩،  بۆ پێکهێنانی ئەو لیژنەیە و چۆنێتی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان، وەفدێکی حکومەتی فیدراڵی سەردانی هەولێر بکەن.


PM:07:15:29/01/2019