هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، ئیلهام ئەحمەد و وەفدێکی "مەسەدە" کە ئێستا لە ئەمەریکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرۆکی ئەمەریکای بینیووەو ئەو بەڵێنی پێداوە کورد جێناهێڵێت.
ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی شاندەکە کە وەک CNN بڵاویکردۆتەوە باس لەوە دەکات کە بۆماوەی ١٠ خولەک لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ گفتوگۆی کردووە و پێیڕاگەیاندووە"کوردەکانی خۆشدەوێت و جێیانناهێڵێت".
وەک کەناڵی سی ئێن ئێن باسی دەکات، ڕۆژی دووشەممە شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە واشنتۆن لە ئێوارە خوانێکدا لەگەڵ ژمارەیەک کۆنگرێسماندا لە هۆتێلێکدا چاویان بە ترەمپ کەوتووە و ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی شاندەکە و ترەمپ بۆ ماوەی ١٠ خولەک قسەیان کردووە و تاوتوێی دۆخی سوریا و کشانەوەی ئەمریکا و ئۆپراسیۆنەکانی تورکیایان کردووە.
بەپێی هەواڵەکە ئیلهام ئەحمەد لە ترەمپی پرسیوە "ئایا کورد لە سوریا بە تەنها بەجێدەهێڵێت تاوەکو سوپای تورکیا سەریان ببڕێت؟" تڕەمپیش لە وەڵامدا وتوویەتی "هەرگیز وەها کارێک ناکات و ئەو کوردی خۆشدەوێت."
دوای کۆبوونەوەکەش ئیلهام ئەحمەد وتوویەتی هەست بە دڵنیاییەکی زۆر دەکەن، بەڵام بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوەکانیان.
بڕیارە شاندەکە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی و چەند سیاسەتمەدارێکی ئەمریکیدا کۆببنەوە.