شەرقولئەوسەت: ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەیشتنە ڕێککەوتن

ئەمریکا و تورکیا لە سەر چەند خاڵێک لەبارەی دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێککەوتن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٢٠ بۆ ٣٢ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا بنیاد دەنرێت، بەڵام ھێزە ئەمریکییەکان کۆنتڕۆڵی بنکەی سەربازیی (تەنەف)یان لەدەست دەمێنێت.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە تورکیا ئامانجییەتی ئەم ناوچەیە لە ژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگە دەربھێنێت، زیاتر لە حەوت ھەزار شەڕڤانی یەپەگە لە ناوچەکە دەربکات و لە شوێنی ئەوان، وەک ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بۆ دەکات، تورکیا ڕازی دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژ و ھێزە عەرەبییەکانی ژێر فەرمانی ئەحمەد جەربا، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ناوچەکە بپارێزن.

هەر لە زانیاریەکاندا هاتووە، شاندێکی تورکی ڕۆژی سێشەممەی داھاتوو سەردانی واشنتن دەکات و بڕیارە پێش دیداری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، چەند خاڵێکی دیکە لە ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێنەوە کە بریتین لە:

- قەدەغەکردنی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی تورکیا لە ناوچەکە.

- پابەندکردنی تورکیا بە ئەنجامنەدانی ھەر چەشنە ھێرشێکی زەمینی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

- گەرەنتیکردنی پاراستنی دانیشتووانی کوردی ئەم ناوچەیە.

بە پێی ھەمان سەرچاوە، ڕۆڵی ئەمریکا لە داھاتووی ئەم ناوچە ئارامە لە ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستا خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆکانە و لە داھاتوویەکی نزیک بڕیاری لێ دەدرێت.


PM:04:41:03/02/2019