لە سلێمانی خۆپیشاندانی شۆفێرانی تاکسی دەستیپێکرد

لەشاری سلێمانی و لەشەقامی سلێمانی-کەرکوک خۆپیشاندانی شۆفێرانی تاکسی و دژی بڕیاری وەزارەتی نەوخۆ دەستیپێکرد.
  
پەیامنێری "سپی" لەشوێنی خۆپیشاندانەکەوە ڕایگەیاند خۆپیشاندانەکە گرژی تێکەوتووە و هێزە ئەمنیەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکە دەدەن.

ئەوەشی ئاشکراکرد خۆپیشاندانەکە بەشێک لەفرۆشیارانی تەکسی تێدا بەشدارە و ناڕازین لەوەی بەهۆی ئەو بڕیارەوە نرخی تەکسی دابەزیوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوێک، کاری شۆفیری تاکسی بۆ گشت ئەفسەر و کارمەندانی میلاکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری ‌و فریاكەوتن، رەگەزنامە، هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور ‌و پۆلیسی گومرگ) ‌و كارمەندانی میلاكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ‌و گشت هێزە چەكدارەكان لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی عێراق قەدەغەکرد.

بەپێی نوسراوەکە كارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كاری شۆفێری تاكسییان لێ قەدەغە كراوە.

هەر بەپێی نوسراوەکە، فەرمانبەرانی میلاكی شارستانی ئەوانەی پلەی وەزیفیان لە پلە  حەوت بەرەو خوارە‌وەن دەتوانن كاری شۆفێری تاكسی بکەن، بەمەرجێک رەزامەندی فەرمانگەكەیان هەبێت و پێویستە ساڵانە ئەو رەزامەندییە نوێبکرێتەوە.

لە كۆتای نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ کە رۆژی دەرچوونی فەرمانەكەیە كاری پێدەكرێت.

پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکە، نرخی تاکسی لە بازاڕەکاندا دابەزیوە و، ئەوەش نیگەرانیی بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی و ئەو کەسانەی لێکەوتووەتەوە کە مامەڵە بەو ئۆتۆمبێلانەوە دەکەن.



PM:05:28:04/02/2019