ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆژە یاساییەکى دژى بریاری کشانەوەی هێزەکانیان لەسوریا پەسەندکرد

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، پرۆژە یاساییەکى دژى بریارەکەى تڕەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا و ئەفغانستان پەسەندکرد، هۆشداریشدراوە، بەوەی ئەو بۆشاییەی لە دوای هێزەکانی ئەمریکا دروستدەبێت، رەنگە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پڕبکرێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بە کۆی ٧٠ دەنگی بەڵێ و ٢٦ دەنگی نەخێر هەموارکردنەوەى پڕۆژە یاساکەیان پەسەندکرد، کە جەخت لەوەدەکاتەوە، داعش و ئەلقاعیدە هێشتا هەڕەشەیەکی جدیین بۆ سەر ئەمریکا لەو دوو وڵاتە.

هاوکات پڕۆژە یاساکەى ئەنجومەنى پیران داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات، جەخت بکاتەوە لەوەی دۆخێک لەو دوو وڵاتە بڕەخسێنن تاکو رێکخراوە تیرۆرستییەکان سەرهەڵنەدەنەوە.

هۆشداریشدراوە، بەوەی ئەو بۆشاییەی لە دوای هێزەکانی ئەمریکا دروستدەبێت، رەنگە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پڕبکرێتەوە.

هەفتەى ڕابردوو کۆنگریسى ئەمریکا هەموارى پڕۆژە یاسایەکى پەسەندکرد، کە ڕێگرى دەکات لە کشانەوەى بەپەلەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان.

ئەمەش  لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەیەوێت هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بکشێنێتەوە و ژمارەی سەربازەکانیشی لە ئەفغانستان ١٤ هەزار سەرباز کەمبکاتەوە.


AM:11:26:05/02/2019