پارتی یەکێتی رێککەوتن
١٨ی شوبات ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەهەولێر کۆدەبنەوە

سەعدی پیرە وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی بالآی یەکێتی و پارتی لەهەولێر رایگەیاند" ١٨ و شوبات کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان سازدەکرێت و هەروەها پارتی ویەکێتی هەوڵی چارەسەری پرسی پارێزگای کەرکوک دەدەن".


سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" وەرەقەیەکی سیاسی لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پرسی پارێزگای کەرکوک ئامادە دەکرێت".

وتەبێژی یەکێتی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " پەرلەمانی کوردستانیش ١٨ مانگ کۆدەبێتەوە"، هەر ئەو رۆژەش ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ ".

پیرە وتیشی " هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەو گەلآڵەکردنی ئەو وەرەقەیە هەردوولا سەرلەنوێ کۆدەبینەوە".


ناوبراو وتیشی " کەرکوک نائارامترین شاری عێراقە پارتی و یەکێتی هەوڵی چارەسەری پرسی پارێزگاو ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە دەدەن.

پیرە بەم شێوەیە چوار خاڵی رێککەوتنی نێوان حیزبەکەی و پارتی ئاشکرا کرد:
١- لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەی دیاریکراو بۆ نووسینی پڕۆژە سیاسییەکان دەستبەکاردەبێت، هەوڵی ئەوە دەدات لە ماوەیەکی کورت، لە کۆتایی ئەو هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو وەرەقەی سیاسی و کاری هاوبەش ئامادە بکات و بیدات بە هەردوو مەکتەبی سیاسی بۆ ئەوەی رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

٢- رۆژی 18-2-2019  پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.

٣- لە روانگەی زیاتر چڕکردەنەوەی هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارێزگای کەرکووک، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەمان رۆژ (18-2-2019) کۆدەبێتەوە، بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی هەوڵدەدرێت کێشەکانی بەغدا چارەسەر بکرێت، هەروەها پارێزگارێک بۆ کەرکووک هەڵبژێردرێت.

٤- ئەوەی پەیوەندی بەو وەرەقە سیاسییەوە هەیە، ئەو وەرەقە سیاسییە چوارچێوەی پێکەوە کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستانە لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێناسەی راستی شەراکەتی راستەقینە دەکات و رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سێکتەرەکانی ئابووری، بازرگانی و دارایی، نەوت و وزە، بەرگری و پێشمەرگە و شێوەی جوڵاندنی رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەمن و ئاسایش حکومڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین وەکو یەک، هەروەها رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و نێودەوڵەتییەکان.





PM:03:10:05/02/2019