لە سنوری پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی ئەمنی نهێنی باڵا دژی ئەو کەسانە دروستدەکرێت کە دەچنە سەر ماڵان

لە سنوری پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی حکومی و حیزبی پێکدەهێنرێت دژی ئەو کەس و بەرپرسانەی دەچنە سەر ماڵان و پارە لەخەڵک بەتایبەتی لە دەوڵەمەندان دەسێنن.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە سپی راگەیاند " ماوەی مانگ ونیوێک زیاترە لە سنوری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی ( زۆنی سەوز )، لیژنەیەکی ئەمنی باڵای بە نهێنی دروستکراوە و تەواوی دەسەڵاتەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێدراوە کە ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە دەچنە سەر کەسانی دەوڵەمەندی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارەیان لێ دەسەنن".

بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەو لیژنەیە لە هەریەک لە حاکم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و شێخ جەعفەر و محمود سەنگاوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. خەسرەو گووڵ محەمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و جەلال کەریم جێگری وەزیری ناوخۆ پێکهاتووە.

سپی زانیوویەتی ئەو لیژنەیە تەواوی دەسەڵاتەکان و هێزیان لەبەردەستدایە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەس و تاقمانەی دەچنە سەرماڵان و پارەیان لێدەسەنن.

دروستکردنی ئەو لیژنەیە لە کاتێکدایە کە هەندێک حاڵەتی هەڵکووتانە سەر دەوڵەمەندان و پارە لێ سەندیدیان بەزۆر هەیەو خەریکە پەرەدەسێنێت.



PM:04:31:05/02/2019