یەکێتی پارێزگار بۆ کەرکوک دادەنێت

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە یەکێک لەو خالانەش ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێكە بۆ شارەكە.

عەدنان حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە میدیای نزیک لە حزبەکەی راگەیاندووە، لەگەڵ پارتی گەیشتونەتە رێككەوتن بۆ دانانی پرۆژەیەك بەمەبەستی رێكەوتنی سیاسی و پەسەندكردنی لەلایەن هەردوولاوە، پرۆژەکەش بەجۆرێكە كە هەردولا پێوەی پابەندبن و هیچ لایەك لێی پاشگەز نەبێتەوە.

سەبارەت بە پرسی کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگار وتی، سەرەتا ئەنجومەنی پارێزگا كۆدەبێتەوەو پاشان پارێزگارێك هەڵدەبژێردرێت، پارتیش لەکۆبونەوەکەدا تەئكیدیكردەوە هیچ گرفتێكی نییە لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لەسەر پشكی یەكێتی.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی، ئاشكرایکرد بەر لەكۆبونەوەكەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدەدات بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك و تەواوی پۆستە حكومییەكانی دیكەی پشكی خۆی لەكابینەی نوێی حكومەت.

عەدنان حەمەی مینا، باسی لەوەشكرد، تا ئێستا هیچ ناوێک بۆ پاریزگاری کەرکوک پێشنیاز نەکراەوە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان یەكێتی و پارتیشدا، هیچ ناوێك تاوتوێك نەکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەو بابەتەش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

هەر لەبارەی کاندنیدی یەکێتی بۆ پۆستی پاریزگاری کەرکوکئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لەوەکرد، مەرج نییە یەكێتی تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەش بكات، بەڵكو یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە زیاتر لە كاندیدێك هەبێت، كە ئەو پرسەش دواجار ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەبارەوە دەدات.


PM:09:09:05/02/2019