د.بەشیر حەداد: تاكە ناوی كاندیدی كورد بۆ وەزارەتی داد تائێستا حاكم ئەركانە

د.بەشیر حەداد، جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق ئاشكرایدەكات، لەگەڵ نوێنەرایەتی‌ فراكسیۆنە كوردیەكان لەبەغدا سەردانی‌ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەهەرێمی‌ كوردستان كوردستان دەكەن بۆ یەكلابونەوەی‌ پۆستی‌ وەزارەتی‌ داد دەشڵێت ""هۆكاری متمانەنەدان و ڕێكنەكەوتنی لایەنە كوردییەكان لەسەر كاندیدێك بۆ وەزارەتی داد، نەبونی متمانەیە لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا".

د.بەشیر حەداد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی‌ بەكابینەی‌ ئێستای‌ حكومەتی‌ عیراق كردوەو ڕایگەیاندوە، "هۆكاری متمانەنەدان و ڕێكنەكەوتنی لایەنە كوردییەكان لەسەر كاندیدێك بۆ وەزارەتی داد، نەبونی متمانەیە لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا، هەر كاندیدێك دادەنرێت لایەنەكەی دیكە دەڵێت ئەوە بێلایەن نییەو سەر بەفڵانە لایەنە".

ئاشكراشیكرد، "متمانەنەدان بەو چوار وەزیرەی‌ حكومەت گرفت و ئاستەنگی بۆ بەردەم كارەكانی حكومەتی عیراق دروستكردوە، چونكە ئەو وەزارەتانە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن".

بۆ چارەسەری‌ پرسی‌ وەزارەتی‌ دادیش ڕاگەیاندوە، "بۆ نێوانگیری لەنێوان فراكسیۆن كوردییەكان لەبەغدا، لەچەند ڕۆژی داهاتودا لەگەڵ نوێنەری سەرجەم فراكسیۆنەكان سەردانی هەمولایەنە سیاسیەكان لەهەرێم دەكەم".

تەئكیدیشیكردەوە، "تاكە ناوی كاندیدی پێكهاتەی كورد بۆ وەزارەتی داد تائێستا (حاكم ئەركان)ە كە لەحكومەتەوە ناوەكە هاتوە، لەبەرئەوە پێویستە لایەنە كوردییەكان لەسەر ئەو كاندیدە یا كاندیدێكی دیكە ڕێكبكەون".

لەبارەی‌ بۆچونی‌ لایەنە عەرەبیەكانیش بۆ ڕێكنەكەوتنی‌ كورد سەبارەت بەكاندیدێكی‌ كورد، جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان وتی‌ "لایەنە عەرەبیەكان موراعاتی لایەنی كوردی دەكەن، دەنگ بەكاندیدێك نادەن ڕێكەوتنی لایەنە كوردییەكانی لەسەرنەبێت".



PM:02:23:06/02/2019