وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک ڕەتدەکاتەوە

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای کەرکوک. 

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرمیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی شوباتی ٢٠١٩ ڕایگەیاند، "هیچ ڕێککەوتنێک نییە کە ئاماژە بکات بە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و هیچ ناوچەیەکی دیکە."

ئاماژەی بەوەش کرد، وێنەی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان بەو شێوەیە، چەکدارانی داعش دەستیانکردووە بە سوودوەرگرتن و گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەی دەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە هەماهەنگی هاوبەش هەیە بۆ لەناوبردنی "تیرۆریستان" لەو ناوچانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولایە و، دەبێت هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.

دوێنێ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی کەریم سنجاری لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوەتەوە و سەرچاوەیەکى ئاگاداریش لە کۆبوونەوەکە بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکەى وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پێشمەرگە و لیوای ٦١ی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سنوری بازگەکانی چواردەوری شارى کەرکوک دەگرنەدەست.




PM:06:00:06/02/2019