مەولود چاوشئۆغڵو: بیركردنەوەی ئەوانە دەزانین كە لە كۆشكی ئیلیزێ پێشوازییان لە یەپەگە كرد

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بیركردنەوەی ئەوانە دەزانن لە كۆشكی ئیلیزێ پێشوازییان لە بەرپرسانی یەپەگە كرد و دەڵێت "دۆخی سوریاش بە دڵی ئەوان نابێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی شوباتی ٢٠١٩ لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانی دژی داعش كە لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئاگاداری ئەوەن چەند دەوڵەتێكی دیكە هەن زیاتر لە ئەمریكا هاوكار و پارێزەری (یەپەگە)ن، هەر بۆیە بیركردنەوەی جیاوازی ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەوان چاوەڕوانكراوە.

راشیگەیاند، دۆخەكە بە دڵی ئەوانە نابێت كە لە كۆشكی ئیلیزی پێشوازییان لە بەرپرسانی یەپەگە كرد و ئاگاداری بیركردنەوە و پلانی ئەوانین، وتیشی "تا ئێستا یەپەگە لە منبجدایە و دەبێت بچێتە دەرەوەی شارەكە".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا دەربارەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا وتی، بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سوریا بۆ ئەمریكاش مایەی شۆك بوو، بۆیە تا ئیستا پلان و رێكەوتێكی روون و یەكلاكەرەوە نییە بۆ كاتی كشانەوەكە.

لە ئێستادا پەیوەندییەكانی توركیا و فەرەنسا گرژی زیاتری تێكەوتووە و ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی توركیاش لەسەر فەرەنسا پاش ئەوە دێت دوێنێ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا ڕۆژی ٢٤ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی نیشتمانیی یادكردنەوەی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان بەدەستی عوسمانییەكان دیاریكرد و، لە بەرامبەردا توركیا ئیدانەی بڕیارەكەی كرد.

هاوكات لەدوای بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لە بەرپرسانی باڵای یەپەگە كرد و ڕایگەیاند سوپای وڵاتەكەی لە سوریا دەمێنێتەوە.



ئه‌م بابه‌ته ‌688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:38:07/02/2019