تورکمانەکان داوای پۆستی باڵا لە حکومەتی هەرێم دەکەن

بڕیارە هەفتەی داهاتوو دوای رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لیژنەی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێنی کوردستان سەردانی پێکهاتەکان بکات و تورکمانەکانیش داوای پۆستی باڵا دەکان.

محەمەد ئیلخانی نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاند، پارتی بڕییاری داوە، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی و گۆران لەسەر کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بگاتە رێککەوتن، ئەوا هەفتەی داهاتوو سەردانی پێکهاتەکان دەکات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە.

وتیشی، لە ئیستادا پارتی لەگەڵ ئەو دولایەنە  گەیشتووەتە رێككەوتن و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو سەردانی پێكهاتەكانیش بكات، ئێمەیش وەكو توركمانەكان ئامادەین بۆ پێشوازیكردن لە شاندی پارتی.

ئیلخانی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەك توركمانەكان بە یەك پاكێج لەگەڵ پارتیدا كۆ دەبینەوە، ھەر كاتێكیش سەردانی ئێمەیان كرد، پاكێجی خۆمانیان رادەست دەكەین.

نوێنەرەکەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکراشیکرد کە داوای پۆستێکی باڵە لە پارتی دەکەن و وتی، ئێمە  داوای پۆستی باڵا دەکەین ئینجا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بێت یاخود حكوومەت، جگە لەوەش داوای وەزارەتێك و چەند پۆستێكی دیكە دەكەین".



PM:09:35:07/02/2019