ئێران هەڕەشەی سڕینەوەی پایتەختی ئیسرائیل دەکات

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی سڕینەوەی پایتەختی ئیسرائیل دەکات لەسەر زەوی ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی.

ئاژانسی هەواڵی ئێرنا لە زاری یەدوڵا جوانی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سیاسی، ڕایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرباری ئەو توانا بەرگری و سەربازییەی کە هەیەتی، ئەو ئازایەتییەی نییە یەک فیشەکمان پێوە بنێت، بەڵام ئەگەر هێرشمان بکاتە سەر ئەوا تەلئەبیب لەسەر زەوی دەسڕینەوە".

لەلایەکی ترەوە ژەنەڕاڵ حسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، تاران هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە و هەموو ئەو داوایانەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە، کە دەیەوێت هەژموونی هەرێمایەتی ئێران سنووردار بکات.

سەلامی ئاماژەی بەوەش کرد، دوژمن بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت داوای جێهێشتنیان لێ بکات لە ناوچەکە، دەبێت ئەوان ناوچەکە جێبهێڵن، ئێمە هاوکاریی هەر موسڵمانێک دەکەین لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا بێت.

ئەو هەڕەشانەی سوپای پاسداران لە دژی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی بە زمانی فارسی ئاڕاستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە شکستپێهێنانی خۆقایمکردنی ئێران لە ناوخۆی سوریا.



PM:08:36:11/02/2019