کاندیدی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرا

پەرلەمانتارێكی پارتی ئاشكرای دەكات، كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكلا كراوەتەوە و هێمن هەورامی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاریکراوە.

ئومێد خۆشناو، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: رۆژی پێنجشەممە 14ی مانگ، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆ دەبێتەوە و بەرنامەی كار بۆ كۆبوونەوەی 18ی مانگ سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی رادەگەیەندرێت.

جەختی لەوەش كردەوە، ئەوان وەك فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەدان كۆبوونەوەكە لە وادەی خۆیدا، كە 18ی ئەم مانگەیە، ئەنجام بدرێت و لەو رێكەوتەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرن، هاوكات هەموو فراكسیۆنەكانیش لەوبارەیەوە كۆكن.

ئومێد خۆشناو، كاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرا دەكات، كە ئەو پۆستە بۆ هێمن هەورامی یەكلا بووەتەوە، چاوەڕوانی یەكێتی و فراكسیۆنە توركمانییەكانیش دەكەن، هەریەك لەو لایەنانە كێ كاندید بكەن بۆ سەرۆك و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، وەك فراكسیۆنی پارتی دەنگی پێ دەدەن.


PM:11:46:12/02/2019