جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی بە مووچەخۆران دەدات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت "پێویستە خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بن مووچەیان بۆ رەوانە دەكرێت".

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، گۆڕانكارییەكی زۆر لە تێڕوانینی لایەنە عێراقییەكان بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان روویداوە و ئەرێنییە.

بەشیر حەداد بە میدیای پارتی رایگەیاندووە، یەکێک لە ئامانجەکانی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر-بەغدا و چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێستا کەشوهەوایەکی لەبار هەیە بۆ چارەسەربوونی کێشەکان و رای زۆربەی لایەنەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەرێنییە.

بەشیر حەداد دڵنیایی دەداتە خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە، بە یاسا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019 گەرەنتی کراوە، "پێویستە خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بن مووچەیان بۆ رەوانە دەكرێت".


PM:03:52:14/02/2019