بۆ دووەمجار سەمونخانەیەک لەسلێمانی داخرا

لەسەر سكاڵای هاووڵاتییان و پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، بۆ دووەمجار سەمونخانەیەك لە سلێمانی دادەخەن.

لەوبارەیەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: پاش ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار كراینەوە لە هەبوونی بڕێكی زۆر هەویری خراپ بوو لەسەرشەقامەكەو بەردەم سەمونخانەكە، لیژنە هاوبەشەكان سەردانی شوێنەكەیان كرد و دەركەوت شوێنەكە پابەندی مەرج و رێنمایەكانی كاركردن نەبووە بۆیە دادەخرێت.

وتیشی: پێشتر ئەم سەمونخانە لە گەڕەكی بەختیاری كاریكردووە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بەگشتی و تەندروستی بەتایبەتی لەلایەن لیژنه هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە داخراوە، ئێستا گوازراوەتەوە بۆ گەڕەكی مامۆستایان و بەرلە دەرهێنانی مۆڵەتی كاركردن و هەڵواسنی تابلۆی ناوی سەمونخانەكە كاریكردەوە كەئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانی كاركردنە.

راشیگەیاند: لە فڕنی سەمونخانەكەدا دەست بەسەر بڕیكی زۆر شیر، ئارد و ئەو پێداویستیانەی لە دروستكردنی كێك و شیرینیدا بەكاردەهێنرێت گیراوە كە ماوەیان بەسەر چووە یاخود كرم و ئەسپێی هەڵهێناوە.

گۆران قادر وتیشی: ئەو سینی و دەفرانەی بۆ برژاندنی هەویرەكانی لە فڕنەكەدا بەكاری هێناوە، مەرجی تەندروستی تێدانەبووە و بەشێكی زۆریان ژەنگی كردوە، كەزیانی بۆسەر تەندروستی مرڤ هەیە.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە سەمونخانەكە دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

راشیگەیاند: رۆژانە لەڕێی ژمارە مۆبایلی (07708677777) یاخود لەڕێی تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبووك و لاپەڕەی (قائیمقامیەتی سلێمانی)‌ ژمارەیەكی زۆر سكاڵا دەگاتە دەستی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لیژنەكانیش لەبەرەبەیانێكی زووەوە تا درەنگانێكی شەو سەردانی بازاڕ و شوێنەگشتیەكان دەكەن، بەدواداچونیش بۆ سكاڵای هاووڵاتییان دەكەن و لەكاتی هەبوونی سەرپێچیدا شوێنەكە و خاوەنەكەی روبەروی رێكاری یاسایی دەكەنەوە.



PM:02:33:15/02/2019