سبەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار دەدات

بڕیارە سبەی شەممە ١٥ی شوبات سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبێتەوە دوا بڕیار لەسەر رەشنووسی رێکەوتنی خۆیان و پارتی بدات. 

سامان گەرمیانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە "سپی" راگەیاند" سبەی شەممە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی".

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی سبەینێ کۆبوونەوەیەکی " گرنگ "دەبێت.

ئەو ئامادە نەبوو لەسەر گفتوگۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەفدی دانووستانکاری یەکێتی و پارتی و ئەو رایە تازانەی پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا خستوونیەتە روو هیچ روونکردنەوەیەک بدات.

پاش کۆبوونەوەکە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەسەر پرۆژە سیاسییەکەی نێوان یەکێتی و پارتی رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پرسی کەرکوک.


وتیشی "تەنیا ماوە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەسندی بکات و رێککەوتنەکە دواتر واژۆ بکرێت". 

هەروەها سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی، رێککەوتووین کە پاریزگاری کەرکووک بە رێککەوتن دابنرێت و هەروەها بۆ پرسی وەزارەتی داد بڕیاردراوە کە ئەو پرسە لەلایەن کاک مەسعود بارزانی و یەکێتییەوە یەکلایی بکرێتەوە.

وتیشی "دەبێت دامەزراوە شەرعییەکانمان چالاک بکەینەوە و هیچ لایەنێک باش ناکات کە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان خۆی بدزێتەوە، بۆیە یەکێتی لە کۆبوونەوەی 18ـی مانگی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی دەکات".


PM:07:29:15/02/2019