ئەمڕۆ شەممە بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و نالەباری کەشوهەوا قوتابخانەکانی زۆربەی شار و گوندەکانی هەر دوو پارێزگەی دوو پارێزگەی ورمێ و سنە داخراون.
پەروەردەی پارێزگای سنە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ئەمڕۆ شەممە 16-2-2019 هەموو قوتابخانەکانی شار و گوندەکان لە بانە، سەقز و دیواندەرە هەروەها ناوچەکانی زێویە، کەڵاتەرزان، سەرشیو، کۆماسی و جانەوەرەش داخراون.
هاوکات دامەزراوەی رێگاوبانی سنە ئاماژەی بەوەکردووە بەهۆی بارینی بەفر رێگای پەیوەندیی زیاتر لە 150 گوند لە ناوچەکانی مەریوان، بانە و سەقز داخراون و لە بەیانیی ئەمڕۆوە هێزەکانی ئەو دامەزراوەیە هەوڵی پاککردنەوەی جادەکان و کردنەوەی رێگاکانیان دەستپێکردووە.
لە پارێزگای ورمێش ئەمڕۆ شەممە بەهۆی بارینی بەفرەوە هەموو قوتابخانەکانی شارەکانی ورمێ، بۆکان، ساین قەڵا، پیرانشار، مەهاباد، تیکاب، سەردەشت، سیلوانا، کشاوەرز و سۆمای برادۆست داخراون.