سەعدی ئەحمەد پیرە لەسەر وازهێنانی لەوتەبێژی هاتە دەنگ

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت:”بە ویستی خۆی دەستی لە پۆستی وتەبێژیی كشاندووەتەوە”.

لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگەیاند:”ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەكەم خستە بەردەستی ئەندامانی سەركردایەتی و داواكاربووم كەسێكی تر لەو پۆستەدا دەستنیشان بكەن”.

ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیەدا دەڵێت "لەئێستادا ڕاپەڕاندنی كارەكانی پەیوەندییە كوردستانییەكان و پەیوەندییە گشتی و نێودەوڵەتییەكان بەیەكەوە لەگەڵ ئەركی وتەبێژیدا ئەستەمە و لەگەڵ كاتی مندا ناگونجێت، بۆیە بە ویستی خۆم داوای دەستلەكاركێشانەوەم كردووە”.

لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتییی نیشتمانیی كوردستان ڕاشیگەیاند:”من بە ئازادی و بە ڕای خۆم و بۆ ئەوەی كاتی زیاتر بدەم بە مەكتەبی پەیوەندییەكان كە لێی بەرپرسم، دەستم لە پۆستی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كێشاوەتەوە”.

ئەمڕۆ لەجیاتی ناوبراو لەتیف شیخ عومەر ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کرایە وتەبێژ. یەکێتی تا ئێستا چەند وتەبێژێکی گۆڕیووە، سەعدی پیرە یەکێکە لەو وتەبێژانەی زۆرترین ماوە لەو پۆستەدا ماوەتەوە، بەراورد بەوانی تر.



AM:12:13:17/02/2019