بەنداوی دوکان مەترسیەکی دیکەی دروستکردووە

بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق ھۆشداریی دایە ھاوڵاتییانی سنورەکە سەبارەت بە بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوکان.

عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک داوای لەو ھاوڵاتییانە کرد، کە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەکەوێتە حەرەمی زێی بچووکەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان لەو شوێنانە نەمێننەوە.

 داواشیکردووە، "بۆ ئەمساڵ بە ھیچ شێوەیەک بەرھەمی تازەی کشتوکاڵی لەو شوێنانە نەچێنن، کە حەرەمی زێیەکەیە و ساڵانی ڕابردوو کرابوون بە کشتوکاڵ و کەلوپەلەکانیشیان لە نزیک زێی بچووکەوە نەھێڵن و بیگوازنەوە".

 عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەندیی بەردەوامیان دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان، بۆئەوەی لە ھەر ئەگەرێکی پڕبوونی ئاوی بەنداوەکە و بەردانەوەی ئاوەکە پێشتر ئاگاداریان بکاتەوە، تا ناوەڕاستی مانگی سێ ھیچ مەترسییەک نییە بۆ بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوکان.

پێشتر بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی لە قەزای دوکان ئاگادارکردبوەوە، کە لە کۆتایی مانگی ئازار ئەگەری پڕبوونی بەنداوی دوکان ھەیە و لەو حاڵەتەشدا ئاوی بەنداوەکە بەردەدرێتەوە.


AM:08:37:19/02/2019