تەلەفزیۆنێکی کوردی لەلایەنە ئاسایشەوە دادەخرێت

کەناڵی (JSN) دادەخرێت و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێریش دەڵێت: "ئەو کەناڵە داخراوە تاوەکو مۆڵەتەکەی بەناوی ئەو کەسەوە نەکرێت کە رۆژانە کاری تێدا دەکات.

سایە حسێن، بەڕێوەبەری کەناڵی jsn بەماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاند" رۆژی (١٧ی شوباتی٢٠١٩)، چەند کەسێک بە جلی مەدەنییەوە هاتوونەتەسەر کەناڵەکەیان و داوایان کردووە دەستبەجێ کەناڵی jsn دابخرێت و ئەوانیش کەناڵەکەیان داخستووە".

بەڕێوەبەری کەناڵی jsn دەشڵێت: "ئەو کەسانەی داوای داخستنی کەناڵەکە دەکەن، هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێنییەو وتوویانە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە هاتووین، بۆ ئەوەی ئەم کەناڵە دابخرێت". 

بەپێی راگەیەنراوێکی کەناڵەکەش داوا لە هاووڵاتیان کراوە بەهانایانەوە بچن و چەند کەسێک دەیانەوێت کەناڵەکەیان دابخەن.

لەوبارەیەوە تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە دواڕۆژی وت: "کەناڵی ناوبراو مۆڵەتی فەرمی نییەو ئەو مۆڵەتەشی کە هەیە بەناوی کەسێکی ترەو ئەوانەی ئێستا کار لە کەناڵەکە دەکەن مۆڵەتەکە بەناوی ئەوانەوە نییە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر وتیشی: "ئەو کەناڵە داخراوە تاوەکو مۆڵەتەکەی بەناوی ئەو کەسەوە نەکرێت کە رۆژانە کاری تێدا دەکات و رێگەی پێنادرێت دەست بە پەخش بکاتەوە".

کەناڵی jsn لە مانگی 4ی 2017 دامەزراوە و دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کردووە.



PM:05:40:19/02/2019