حەشدی شەعبی لەسەر تەقەکردن لە هاوڵاتیان لەلایەن چەکدارێکیانەوە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

حەشدی شەعبی لەبارەی تەقەكردن لە هاووڵاتیانی ناوچەی نەهزەی بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن چەكدارێكیان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیلە راگەیەندراوێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی شوبات بڵاویکردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە،كە ئەو كەسەی لە ناوچەی نەهزە تەقەی لە هاووڵاتیان كردووە سەر بە حەشدی شەعبی نیە.

دەشڵێت، ئەوانەی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا باس لە تەقەكردنی چەكدارێكی حەشدی شەعبی دەكەن لە هاووڵاتیانی بەغدا، بەڵام ئەمە دوورە لە راستیەوە و كەسەكە سەر بە حەشدی شەعبی نەبووە.

حەشدی شەعبی لەبەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیدا  هەڕەشەی سزادانی لەو كەسانەش كردووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەواڵەكە بڵاودەكەنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، 
چەكدارێكی حەشدی شەعبی لەنێو گەڕەكی نەهزەی بەغداد تەقەی بە رووی هاووڵاتیاندا كردووە و دوو كەسی كردووەتە قوربانی، دوای ئەوەی پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتوونەتە شوێنەكە و گەمارۆیان داوە بۆ دەستگیركردنی، لەلایەن چەند چەكدارێكی تری میلیشیاكانی حەشدەوە لە دەست پۆلیس رزگار كراوە.

 



PM:07:46:20/02/2019