سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت.
لە نووسراوێکی پارێزگاری کەرکوکدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە، و لە 29/1/2019ەوە دەرچووە و تێیدا هاتووە، لەژێر رێنمایی نوێی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم نووسراوەکانی دیوانی پارێزگای کەرکووک کە بە واژۆی راکان جبوری یاخود بریکارەکەی دەرکراوە، لە بوارەکانی گواستنەوەی نەوت، ئاسنی سیکراب، کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان و کارەکانی پارێزگا.
لە نوسراوەکەدا ئەوەشهاتووە، راکان جبوری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت جگە لە راییکردنی کاروبارەکانی دیوانی پارێزگا و هەماهەنگیکردن و ئاسانکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان دەزگا ئەمنییەکاندا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی پارێزگار، هیچ دەسەڵاتێکی دیکەی نییە.
راکان جبوری دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەک پارێزگاری کەرکووک دیاری کرا.