ئەڵمانیا گفتوگۆ لەگەڵ رۆِژئاوای كوردستان ناكات

ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لەبارەی ئەو ئەندامە ئەڵمانییانەی داعش كە لە لایەن هەسەدەوە دەستگیركراون، بەفەرمی لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای كوردستان گفتوگۆ ناكەن.

دوێنێ چوارشەممە كۆبونەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا تایبەتكرا بە گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی ئەندامە ئەڵمانییەكانی داعش، كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوا دەستگیركراون.

لە كۆبونەوەكەدا هەریەكە لە كاترین فۆگیەر و هێلین ئەڤریم سۆممەر، پەرلەمانتارانی پارتیی چەپی ئەڵمانیا پرسیاریان ئاڕاستەی حكومەتی وڵاتەكەیان كرد، كە ئایا بەنیازن دەربارەی ئەو بابەتە لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاڤا و فیدراسیۆنی باكوری سوریا كۆببنەوە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا میشێل مونتەفەرینگ، راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە نوێنەرایەتیی حكومەتی ئەڵمانیا وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، ئەوان دان بە خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا-دا نانێن، لەبەرئەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی ئەڵمانیا ناتوانن پەیوەندییەكی فەرمییان لەگەڵ دروست بكەن.

بەڵام هێلین ئەڤریم سوممەر، پەرلەمانتاری پارتیی چەپ لە وەڵامی ئەو لێدوانەی نوێنەری حكومەتی ئەڵمانیا وتی، "هەسەدە و یەپەگە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كار و هەماهەنگی دەكەن".
ئاماژەی بەوەشكرد، ناوەندی هەواڵگریی ئەڵمانیا (BND) لە رۆژئاڤای كوردستانە و بە فەرمی رایانگەیاندوە، زیاتر لە 50 هاوڵاتی ئەڵمانی لە ناو ریزەكانی داعشدان.

راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەوبارەیەوە وتی، "ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعشە، بەڵام راستەوخۆ كار لەگەڵ هەسەدە ناكات".

لە ئێستادا شەڕڤانان لەقۆناغی كۆتایی هێنان بە چەكدارانی داعشدان لە سوریا و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش توانیویانە روبەڕێكی فراوان لەدەستی داعش رزگاربكەن.




AM:09:58:21/02/2019