دوا زانیاری لەبارەی سێ موچەی فەرمانبەرانەوە ئاشكرادەكرێت

حكومەتی عێراق تا ئێستا مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی نەناردوە و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش زانیاری ئاشكرادەكات.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سێ موچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم كە تا ئێستا لە بەغداوە نەنێردراوە بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "ئەو سێ موچەیە مافی هەرێمە و ئەركە لەسەر بەغدا كە بینێرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشكراكرد كە هەوڵیداوە پەیوەندی بكات بە وەزیری دارایی عێراق و جێگرەكەیەوە، بەڵام ئەو دوو بەرپرسە ئامادەی بینین یان وڵامدانەوە نەبوون و وتی "بەو هۆیەوە هیچ زانیاریەكمان دەستنەكەوتووە، بەڵام لە هەوڵداین بە هەرجۆرێك بێت زانیاری دەستبخەین".

سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسایی بودجە و پشكی هەرێم و موچەی فەرمانبەران ئەحمەدی حاجی ڕاشید وتی "موچەی فەرمانبەران لە كێشمەكێشمی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا جیاكراوەتەوە، هەربۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت بەم زوانە موچەی فەرمانبەران بنێردرێت".

سەبارەت بە مووچەی دوو مانگی ساڵی 2017ی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی سەر بە بەغدان وتی "بەرپرسانی بەغدا دڵنیایی دەدەن لەوەی ئەو موچانە نێردراوە، بەڵام نازانین بۆ لە لایەن هەرێمەوە دابەش نەكراوە".




PM:02:04:21/02/2019