مەلا بەختیار دژی دوو ئیدارەیی دەوەستێتەوە

هەرچەندە تا ئێستا یەکێتی و هێج بەرپرسێکی فەرمی داوای دوو ئیدارەیی نەکردووە، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکیتی رایگەیاند "هەر لایەنێکیش بیر لە دوو ئیدارەیی بکاتەوە، هەڵەیەکی گەورە دەکات".

لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیای رووداو مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت " یەکێتی نابێ لەگەڵ پارتی بێت دژی گۆڕان، نابێ لەگەڵ گۆڕانیش بێت دژی پارتی، دەبێت هاوسەنگییەک رابگرێت. دۆخی دەڤەری سەوز ئاوایە بۆ یەکێتی، گۆڕانیش حەقی خۆیەتی ئیستحقاقی ئینتیخابی وەردەگرێت، بەڵام لەو سنوورە حەقی خۆیەتی کە حەقی خۆیەتی، کە تەجاوزکرا بۆ سنووری یەکێتی، من دەڵێم بەدڵنیاییەوە گۆڕان نابێ هەڵەی ئاوا بکات، پارتی و یەکێتیش نابێت هەڵەی وابکەن، من بەش بە حاڵی خۆم پیرۆزباییان لێدەکەم، بەڵام تۆزێک لەگەڵ کاتەکەی کێشەم هەیە، پێموایە هەفتەیەک دواکەوتبایە بۆ هەموو لایەک باشتر دەبوو، چونکە لەڕووی سیاسییەوە ئیحراجی بۆ یەکێتی دروستکرد".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر بڕیاربەدەستی یەکێتی بووایە چۆن مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکانی دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرد، مەلا بەختیار وتی "هەوڵم دەدا ئەو ماوەیەی پێشتر بقۆزمەوە بۆ دانوستاندن و گەڵاڵەکردنی رێککەوتنی هەمەلایەن، کاتێکی زۆر رۆیشت (زیاتر لە چوار مانگ رۆیشتووە)، خۆ ئەمە کەم نییە، لەو چوار مانگە بەلایەنی کەم سێ مانگی بە بەلاش رۆیشتووە. دوای ئەوەی سێ مانگ بە بەلاش رۆیشتووە لە گفتوگۆکاندا لە دوایین کاتەکاندا دەمانویست بە 24 کاژێر چارەسەری بکەین. من پێموایە بە 24 کاژێر چارەسەر نەدەکرا، ئەگەر هەفتەیەک دواکەوتبا رەنگە هەموو کێشەکان ئارامتر چارەسەر بکرانایە".

مەلا بەختیار کە ئێستا کاری خۆی لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەڵپساردووە، دەڵێت "ئێستاش هەموو شتێک قابیلی چارەسەرە، نائومێد نەبین، ئەوەندی من دەزانم نە یەکێتی نائومێدە نە پارتی. ئەو بڕیارەم زۆر پێ خۆشبوو کە لە پەرلەمان فراکسیۆنی پارتی وتی ئێمە بەشێوەیەکی کاتی سەرۆکی پەرلەمان دادەنێین و ئەمە شایستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هەر دەبێت یەکێتی بێت، ئەمەیان سەرەڕای ئەو نیگەرانییەی کە لە دانیشتنی پەرلەمان دروستبوو، ئارامییەکی خستووەتە ناو دۆخەکەو من پێم خۆشبوو".

مەلا بەختیار باسی پێگەی پارتی و یەکێتی دەکات و دەڵێت "ئەم حکومەتە بەبێ یەکێتی و پارتی بەڕێوەناچێت، خۆ جاری پێشووش پارتی و گۆڕان پێش یەکێتی رێککەوتن، بەڵام لە ئەنجامدا نە جێگری سەرۆکوەزیران، نە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، نە لە وەزارەتەکان بەبێ یەکێتی بەڕێوەنەچوو. یەکێتیش 45 کورسی بێنێت، ناتوانێ حکومەت بەبێ پارتی ببات بەڕێوە ئەگەر پارتیش 21 کورسی بێنێت. هەموو لایەک دەبێت لەو هاوکێشەیە تێبگات، ئەو هاوکێشەیە تێناپەڕێندرێت، ئەو هەڵبژاردنە وایە پێشبینی ناکەم لە هەڵبژاردنی ئایندەش هاوکێشەکە بگۆڕێت". 




PM:03:24:21/02/2019