کەیسی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم لە دادگای عێراق یەکلایی کرایەوە

ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢١ی شوبات دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا كۆتایی بە دانیشتنەكانی لەسەر كەیسی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان هێنا.

رێبین شەمامکی پارێزەری خۆبەخشی جوتیاران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دووەمین و کۆتا دانیشتنی کەیسی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی شاری بەغداد بەڕێوەچوو.

وتیشی، لەو دانیشتنەدا دادوەر ڕۆژی 26ی ئەم مانگەی دیاری كردووە بۆ نووسینەوەی بڕیاری دانیشتنەکان.

ئەو پاریزەرە خۆبەخشەی جوتیارانی هەرێم سوپاسی هەوڵە بەردەوامەكانی مام فارس سەرۆکی رێکخراوی جوتیارانی سەردەم كرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە"لە هەردوو دانیشتنی دادگاكەدا بەڵگەی بەهێز و پێویستیان لە دژی کۆمپانیای دانەوێڵە پێشکەشی دادگا کرد، ئومێد دەکەین بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە وەک دادگای بەرایی بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی جوتیاران بێت و وەک موژدەیەک رایبگەیەنین".

رۆژی 26.12.2018 بە هەوڵی مام فارس سەرۆکی رێکخراوی جووتیارانی سەردەم و هەردوو پارێزەری خۆبەخش بەشدار حسن، رێبین شەمامکی دادگای بەرایی ڕەسافە بڕیاری دا بە پابەندکردنی حکوومەتی عێراق بە دانەوەی پارەی چەند ساڵێکی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕۆژی 2019.1.5ش یەکەم دانیشتنی دادگای تێهەڵچوونەوە لەبارەی ئەو کەیسە بەڕێوەچوو.



PM:07:53:21/02/2019