"یەكێتیی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات"

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند بەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە فراكسیۆنی یەكێتیی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات.

هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە،  فراكسیۆنی یەكێتیی بەم بارودۆخەی ئێستا لە ئارادایە ناتوانێت بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكات، بۆیە تائێستا بڕیارمان نەداوە بەشداری كۆبوونەوەكەی رۆژی سێ شەممەی پەرلەمان بكەین.

وتیشی: چاوەڕواندەكرێت لە 24 سەعاتی داهاتوودا وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكات و گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و پرسی پارێزگاری كەركوك و یەك دەنگی كورد لە بەغدا بكەن و لەدوای كۆبوونەوەكەش لەلایەن سەركردایەتییەوە ئاگاداردەكرێینەوە كە بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكەین یان نا.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا داوا لە گشت پەرلەمانتاران دەكات كە ڕۆژی سێشەممە 26-2-2019 لە دانیشتنی ژمارە 1 ی نائاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بن.


PM:04:57:24/02/2019