قائیمقامیەتی سلێمانی داخستنی فالودەی قەندیلی ڕاگەیاند

قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەنجامی‌ بەدواداچوونێكی‌ لیژنە هاوبەشەكانیان لە شارەكە ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت "بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی فالودە و شیرینی قەندیل بۆ ماوەی (15) رۆژ دادەخرێت".

بەگوێرەی‌ راگەیەندراوێكی‌ قائیمقامیەتی سلێمانی، كەوێنەیەكی‌ بۆ "سپی" نێردراوە، تێیدا هاتووە: بەپێی راپۆرتی لیژنەی یەكی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی(شیرینی قەندیل) لە شەقامی ئۆرزدی سلێمانی بەهۆی بەكارهێنانی شیری نەگونجاوەوە، بۆ ماوەیەك دادەخرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێی راپۆرتەكە لەناو ئەو شیرینییەدا "دەستگیراوە بەسەر بڕی چوار كیسە شیری (25)كیلۆگرامی كە بەرواری بەسەرچوونی لەسەر نییە و گومان دەكرێت بەسەرچووبێت"، ئاشكراشیدەكەن پێشتریش لە پشكنینێكی لیژنە هاوبەشەكاندا  لەنا‌و ئەو شیرینییەدا دەستگیرابوو بەسەر دوو كیسە شیری بەسەرچوودا.

لە راگەیەندراوەكەدا دەشڵێت: لەسەر پێشنیاری لیژنە هاوبەشەكان و بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی فالودە و شیرینی قەندیل بۆماوەی (15) رۆژ دادەخرێت و بەڵێننامەش لەخاوەنەكەی وەردەگیرێت كەپابەندی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەكان بێت.

لەكۆتای‌ راگەیەندراوەكەدا، هاتوە: لیژنە هاوبەشەكانی سەر بە قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە كاتی بینینی هەر سەرپێچییەك لە بازاڕ و فرۆشگا و شوێنە گشتییەكاندا لە رێگەی ژمارە موبایلی (07708677777)‌ یاخود تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە لاپەڕەی فەرمی (قائیمقامیەتی سلێمانی)ەوە لیژنە هاوبەشەكان ئاگادار بكەنەوە.‌



PM:01:46:25/02/2019