كتێبی «ناشوێن»ی بەختیار عەلی چاپ دەكرێتەوە

خوێنەرانی ئازیز و كتێبخانە بەڕێزەكان ئاگاداردەكەینەوە، بەمزووانە چاپی دووەمی كتێبی «ناشوێن»ی بەختیار عەلی بڵاودەكرێتەوە.

ڕۆژی ٨ و ٩ی ئەم مانگە ھەردوو كتێبی «دەریاس و لاشەكان» و «ناشوێن»ی بەختیار عەلی بڵاوكرایەوە و لەلایەن ناوەندی ڕەھەندەوە كاری دابەشكردنی بۆ كرا.

لەئێستادا لەسەر داواكاریی خوێنەران و كتێبخانەكان، كتێبی «ناشوێن» لەسەر ئەركی نووسەر خۆی چاپی دووەمی‌ دەكرێتەوە و لەلایەن ناوەندی ڕەھەندەوە دابەشدەكرێت.

ناشوێن، بەرگی هەشتەمی كارە تیۆرییەكانی بەختیار عەلییە و چەند لێكۆڵینەوەیەكە لەبارەی «كۆچ» و «پەنابەریی» و «غوربەت».

لە كتێبی «ناشوێن»ەوە:

زۆربەی هەرە زۆری كۆچبەرانی ئێمە ژیانی كۆچبەر دەژین، بەڵام هوشیارییان بە مانای كۆچ و مانا ڕەمزییەكانی كۆچ نییە، مرۆڤ دەبێت سەرەتا باوەڕ بە نامۆبوونی خۆی بهێنێت تا بتوانێت دواتر لەسەر ماناكانی نامۆبوون ئیشبكات، بەڵام كۆچبەری كورد لە هەڵهاتنێكی گەورەدایە لە نامۆبوونی خۆی، لێرەوە ناتوانێت بزانێت چی ئەگەرێك و توانایەكی شاردراوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە. كۆچبەری ئێمە ئاوێنەیەكی پێیە كە تەماشایدەكات هێشتا وێنە كۆنەكانی خۆی دەبینێت، كەسێكە لە ڕێگای ئەلبوومە كۆنەكانەوە دۆخی ئێستای خۆی هەڵدەسەنگێنێت، نایەوێت سەیری دۆخی نوێی خۆی بكات. لێرەوە نە پەیامی كەسانی غەریبی بۆ كۆمەڵگای كوردی  پێیە، نە پەیامی ئەو كەسانەشی بۆ جیهان پێیە. دونیای ڕاستەقینەی كۆچبەر نامۆبوونە، كە پشتی كردە نامۆبوون دەكەوێتە دونیایەكی دەستكرد و درۆزنەوە.




PM:02:15:25/02/2019