بەڤیدیۆ...پۆلیسی سلێمانی دانپێدانانی هاککەرێکی بڵاوکردەوە

پۆلیسی سلێمانی گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی هاککەرێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن خوێندكارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ سکاڵای لە دژ تۆمارکرابوو، ئەوەش ئاشکراکراوە کە هەژماری نزیکەی ٦٠ کەسی هاککردووە.

 ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن خوێندكارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ سکاڵای لە دژ تۆمارکرابوو. سکاڵاکەشی لەسەر ئەوە بووە كە تۆمەتبارەکە هەژماری فەیسبووکەکەی هاککردووە، چووەتە نێو مەسنجەرەکەیەوە و وێنەكانی بردووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانی کردووە ئەگەر لە بەرامبەردا پارەی پێ نەدات.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیاری و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، لە سنوری قەزای سەیدسادق توانرا تۆمەتبارەکە، کە دانیشتووی سەیدسادقە، لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیارییەوە دەستگیربكرێت.

پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای ژمارە ٦ی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل ڕاگیراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، لەكاتی دەستگیركردنیشی سەرجەم وێنەكان دەستی بەسەرداگیراوە، كە بەنیازبووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویبكاتەوە.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند، هاککەرەکە ٦٠ کەسی هاککردووە.

هاککەرەکەش لە دانپێدانانەکەدا ئاشکرایکردووە، زۆربەی ئەوانەی هاکی کردوون تورک و عەرەبن و تەنها دوو کوردی هاک کردووە.




PM:07:03:25/02/2019