پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد

پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد و یەكگرتووی ئیسلامی لە لیژنەكەدا نیە.

لە كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەماندا و بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران لیژنەی یاسایی كە لە ١١ ئەندام پێكدێت هەڵبژێردرا و بەم جۆرە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكراون، پارتی و سۆسیالیست چوار ئەندام، یەكێتی دوو ئەندام، گۆڕان یەك ئەندام، نەوەی نوێ یەك ئەندام، كۆمەڵ یەك ئەندام، پێكهاتەكان دوو ئەندامیان لە لیژنەی یاسایی هەیە.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند، تا ئێستا یەكێتی ناوی ئەندامەكانی بۆ لیژنەی یاسایی پێشكەش نەكردووە، هاوكات هەر لە كۆبوونەوەكەدا مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەندامانی لیژنەی یاسایی خوێندەوە كە لەمانە پێكدێت.

لە فراكسیۆنی پارتی و سۆسیالست، سەلام عبدوڵا حەسەن ڕەسوڵ، خەدیجە عومەر، ئەرشەد حسێن، بژارخالید.

فراكسیۆنی یەكێتی لە دوو ئەندام پێك دێت، بەڵام تائێستا ئەندامەكانیان دیاری نەكردووە و لە فراكسیۆنی گۆڕان جەلال محەمەد، لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كاوە عەبدولقادر، لە فراكسیۆنی كۆمەڵیش رووپاك ئەحمەد.

هاوكات لە پێكهاتەی مەسیحی ڕۆبینە مەلاك عەزیز، لە پێكهاتەكانی  توركمانیش سارا دڵشاد ئەبوبكر مەولودە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ و بەهۆی بێبەش كردنیان لە لیژنەی یاسایی د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە ڕازینین بەو ئەنجامەو ئەنجامی دەنگدان بە لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕەتدەكەینەوە.

هەروەها ووتیشی: ئێمە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و كاریگەر دەبین و سورین لەسەر بەرگریكردن لە هاوڵاتیان و مافەكانیان و ئەو هەڵوێستانە ساردمان ناكاتەوە لە هەوڵەكانمان.

 




AM:11:39:26/02/2019